هەردوو پارتی سەرەکی لە کوردستان، ململانێ لە پێناو پۆست و پایە، نەک نیشتمان، لە تونێلە تاریکەکەی عێراق

لێکۆلینەوەی ناوەندی تاسک ژمارە (1) ساڵی (2022)
وەکو ڕۆژی نیوەڕۆ دیار و بەرچاوە کە سەرکردایەتی کورد، ئەزموونە تاڵ و کۆنەکانی خۆی دووبارە دەکاتەوە، کە لە مێژوودا جگە لە فیڕۆدانی چەندەها چانسی زێڕین و گەورە هیچ ئەنجامێکی تری نەبوە ، لە ئەمڕۆدا هەمان هەڵە لە
پێناو پۆست و پایە دووبارە دەبێتەوە لە عێڕاق دا.
چاودێرانی سیاسی ئەگەر لە زۆر شت دا ناکۆک بن، بەڵام لەوەیان کە عێراق لە تونێلێکی تاریک ڕەوڕەوە دەکات بۆ چارەنوسێکی نادیار. ئەگەرێکی زۆر هەیە عێراق لەو دۆزەخەی ئێستا تێدایە بەرەو دۆزەخێکی سەختر هەنگاو بنێ. وەک لە بەیانەکەی ئیتاری تەنسیقی وەسفی عێراق دەکات بە (بلمونعطف خطير) کەواتە بەم پێوگاندە بێ عیڕاق گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسی دار، کێشەکان بەرەو تەقینەوە دەڕۆن. ئیطاري تەنسیقی کە ژمارەیان خۆی لە 41ئەندام دەدات، لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان بایکۆتیان کرد.
لێکۆڵەران ئەوانەی لە بەغداوە شی کردنەوە بۆ باردۆخی عێراق دوای هەلبژاردن دەکەن، ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو میلیشیا و کەسایەتییە سیاسیانەی کە نزیک بوون لە ئێران، تووشی شکستێکی گەورە بوون! و بە بۆیە بە ئاسانی دەرئەنجامی هەلبژاردن ناتوانن قبوڵ بکەن. لەهەمان کاتدا بەگوێرەی لێکدانەوەی سایکۆلۆژیان بێت ئەم گروپانە نە بڕوایان بە دۆڕان و نە هەڵبژاردن هەیە! ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت.
بۆئەوەی وێنەکە لە دوورەوە و کەمێک ڕوونتر نمایش بکەین لە بارەی ئەو هاوپەیمانییە (ئیطاري تەنسیقی) کە پێک هاتوون لەو لایەنانەی کە دۆڕاوی هەلبژاردنی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن بریتین لە (جەماعەتی عەسایبی ئەهلی حەق، میرنیشیای بەدر، میرنیشیای کەتائیبی حزبلاللە، دەولەتی یاسا) ئەمانە لە پەلەقاژەی مەرگن و بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق هەموو ڕێگەیەکیان تاقیکردەوە پیلانی (A) سەرەتا لاینگرانی خۆیان هاندا لە ژێر دروشمی خۆ پیشاندان هەڵبکوتنە سەر ناوچەی سەوز و داگیری بکەن، بەڵام سوپای عێراقی هەر زوو رێگری لەو هەوڵەیان کرد.
ئەمجارە کارتی Bخرایە سەر شانۆ و لە ڕێگای دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵایان لەسەر دەرئەنجامی هەلبژاردنەکانی تۆمار کرد، بڕیاری دادگا بە دڵی میلیشیاکانی شیعە نەبوو. هەرچەندە دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست توانیان هەندێ کورسی تر ببەن، بەڵام ئاوی دڵیان بەوە نەخواردەوە، ئێستا لە جێ بەجێ کردنی پیلانی Cدان. ئەویش بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی ڕاستەوخۆی چەکدارییان داوە و لەماوەی سێ رۆژ چەندین کردەوەی تیرۆریستیان بۆ نەیارەکانیان ئەنجامداوە. یەکەم تیر ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کرا. بەڵام بئ ئەنجام مایەوە. دواتر لە هاوپەیمانی موقتەدا سەدریان دا. لەوانە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، هاوپەیمانی تەقدومی سونەکان و حەزم قاعیدەی بەلد کە راوێژکارانی ئەمریکای تێدایە. دواتر ئەم هێرشانە پەرەی سەند و فەرمانگەکانی حکومەت لەوانە بانکی ناوەندی عێراق و بانکی کوردستان و جیهانی گرتەوە. لەگەل تیرۆرکردنی ئەفسەرێکی هەواڵگری و تەقاندنەوەی ماڵی دوو پەرلەمانتاری پارتی سەدر. بەکورتی ئێستا ئەم میلیشانەی سەر بە ئێران لە بواری دیموکراتی دۆڕاون دەیانەوێت بە زەبری هێز پێگەی خۆیان بچەسپێنن.
سەدر پێداگرە لە سەر دروستکردنی حکومەتی نیشمانی زۆرینە، بە پێچەوانەی میلیشیاکان کە جەخت لە سەر حکومەتی تەوافقی دەکەنەوە. ئەمەش خاڵی ناکۆکی نێوان ئەم دوو لایەنەیە.
ئیتاری تەنسیقی ناتوانن ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن قبوڵ بکەن، چونکە لە ئەگەری بێ بەش بوونیان لە پێکهێنانی حکومەت، دەکەونە بەر شالاوی یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکەی سەدر کە ئەویش لە ناو بردن و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکانی عێراقە، بۆیە ئیتاری تەنسیقی لە ئێستا بایکۆتی پرۆسەی سیاسی دەکەن لە عێراق. ئەمەش بە واتای بەکارهێنانی چەک و هێز بۆ مانەوە لە دەسەڵات.
سەدر ناوێت ئەم گرووپە میلیشیانە لە حکومەت بەشداری پێ بکات! ئەمەش پەیوەستە بە دوو رەهەندەوە، مێژووی و سیاسی. لە بارەی ڕەهەندی مێژووی لەسەردەمی حکومڕانی نوری مالیکی لە ساڵی 2009 سوپای مەهدی سەر بە سەدر تووشی رووبەڕوو بوونەوەیەکی سەختی سەربازی بویەوە و لە لایەن مالیکی زیانێکی زۆر بەو سوپایە گەیشت. لەبەرئەوە سەدر کەیفی بە چارەی نوری مالیکی نایەت و هەست دەکات کاتی ئەوە هاتووە ئەم حیسابەی لەگەڵ تەسفیە بکات.
ڕەهەندی سیاسییش ئەوەیە لە ئەگەری بەشداری کردن ئیتاری تەنسیقی لەحکومەت بەهۆی زۆری دەنگەکانیان کێشە بۆ بەرنامەکانی سەدر دروست دەکەن. بۆیە دەیەوێت ئەم گروپە لەت بکات لە ئێستا تەنها هاوپەیمانی فەتح کە سەر بە هادی عامریە لە خۆی نزیک کردۆتەوە.
سەدر هەستی بە مەترسیەکی جدی تریش کردووە کە ئەویش لە ئەگەری بەشداری پێ کردنی ئەم میلیشیانە تەگەرەیەکی زۆری بۆ دروست دەکەن، لەماوەی چوار ساڵی داهاتوودا دەبێت تەنها بە گرفتەکانی ئەم گروپانە خەریک بێت و نەپڕژێتە سەر هیچ بەرنامەیەکی ستراتیجی گەورە. لەسەرەتا موستەفا کازمی نەیویست هیچ بەرهەڵستی و ڕووبەڕوو نەوەیەک بەرامبەر ئەم گروپانە بە ئاشکرا دەربڕێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە کاتی ئێستا کازمی تەنها وەک سەرۆک وەزیرانێکی کار بەڕێکەر رۆڵ دەبینێت، لەهەمان کاتدا ویستی سەدر وایە لە دوای پێکهێنانی حکومەت شەرعیەت زیاتر بە لێدان لەو گروپانەی سەر بە ئێران وەرگریت.
کورد لە کوێی هاوکێشەکە دایە؛
بەداخەوە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ئێستا ئەوەندەی بەلای بەرژەوەندی و بە شەخسی کردنی پۆستەکانە ئەوەندە خەریکی داڕشتنی بەرنامەیەکی ستراتیجی نیە بۆ خۆ ئامادەکردن بۆ ئەگەرەکانی دوای تێکچوونی بارودۆخ لە عێراق.
وەفدی کوردی وەک پڕوپاگەندەی بۆ دەکرا ئەمجارە کە لە فڕۆکەدا بەرەو بەغدا چوون بە ئەجێندایەکی تۆکمە و یەکگرتوو ڕوویان لەو شارە کردووە. بەڵام بەداخەوە وانەبوو! هەر لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی دەرچوو یەکێتی و پارتی خاوەن دوو ئەجندای سیاسی حزبین نەک نیشتمانی!
لە یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق هەموو ماسکەکان بەدەر کەت. پارتی هەر زوو مەیلی خۆی بۆ لایەنی سەدری نەشاردەوە و پاڵپشتی کرد. یەکێتی بەبیانووی نەبونە لایەن و سەربەخۆی ماڵی خۆی لەگەل پارتی کرد. لە بەغدا تەواو بە دوو ئاراستەی پێچەوانەو کاریان کرد.
هەردوو لایەن روویان لە هەرێمی کوردستان کردەوە، لەگەڵ خۆیان کۆمەلێک شەڕی ڕاگەیاندیان هەڵگیرساندووە ئێستا هەردوو لایەن لە رێگای راگەیاندنە سێبەرەکانی خۆیان دەستیان بە لێدانی یەکتر کردوە.
پارتی سەرەڕای ئەوەی توانی هەر زوو جێگری سەرۆک پەرلەمانی بەغدا بۆ خۆی ببات. بەبیانووی ئەوەی کە ئەو خاوەنی زۆرترین دەنگی سەر ئاستی هەرێمی کوردستانە ئێستا مرخی خۆی بۆ سەرۆک کۆماری عێراقیش خۆشکردووە. یەکێتی ئەمە بە زەوتکردنی مافی یاسای و ئەخلاقی و دەستوری خۆی دەزانێ. بۆیە ئامادە نییە دەستبەرداری ئەم مافەی ببێت.
بۆیە دووبارە بەرهەم ساڵح کە خودی بارزانی بە دەرچوونی لە خولی یەکەم ناڕەحەت بوو ئەمجارەش کاندیدی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق. لەبەرامبەر ئەمەش دا پارتی هۆشیار زێباری بۆ ئەم پۆستە کاندید کردووە.
ئەگەر هەردوو لایەن کاندیدی خۆیان بنێرنە پەرلەمان نەتیجەکە دیارە ئەویش دەرچوونی هۆشیار زێباریە و دۆڕانی بەرهەم ساڵحە. بە حوکمی ئەوەی کە پارتی خاوەنی هاوپەیمانیە لەگەل موقتەدا سەدر. بۆیە لە رێگای ڕاگەیاندنی سێبەری خۆیەوە چەند رۆژە چپەی دوو ئیدارەی و جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی بە گوێی پارتی دادە.
ئەم کارتەی یەکێتی بۆ پارتی گرینگە چونکە پارتی لە ئێستادا خاوەنی زۆرینەی بەرژەوەندیەکانی خۆیەتی لە هەرێمی کوردستان و نایەوێت وەزعەکەی لێ تێک بچێت. پێدەچێت هەردوو لایەن نەرمی بنوێنین و چارەسەرێکی ناوەند بۆ ئەم بابەتە بدۆزنەوە، ئەویش یەکێتیی باش لەوە گەیشتوە کە بەرهەم ساڵح داخوازی دڵی خودی مەسعوود بارزانی نیە. بۆیە ئێستا خەریکە کاندیدێکی تر لە ناو یەکێتی قوت بۆتەوە، ئەویش لەتیف ڕەشیدی هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە. هەرچەندە دوێنێ بۆ چارەسەری ئەم پرسە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوە بەلام نەیانتوانی هیچ بڕیارێکی دروست بدەن. و تاکە کاندیدێک بنێرنە گۆڕەپانەکە!
لە ئەگەری دەرچوونی کاندیدەکەی پارتی کە هۆشیار زێباریە ماڵی شلۆقاوەی یەکێتی هێندەی تر بەرەو ئالۆزی دەچێت و فشارێکی زۆر دەکەوێتە سەر پاڤێڵ تالەبانی و پێگەی لەناو حزبەکەی خۆی لاواز دەبێت. بۆیە ئەو مەوقیفە بۆ یەکێتی زۆر قورسە لە ئەگەری لە دەستدانی سەرۆک کۆماری عێراق پێگەی لە هەرێم و ناوەندیش زۆر لاواز دەبێت.
لە ئەگەری مانەوەی بەرهەم ساڵح بارودۆخێکی تر دەخولقێت، جارێ بەرهەم ساڵح قوماریکی گەورە دەکات بە چارەنوسی سیاسی لە بابەتی سەرۆک کۆمار ئەویش زۆر خۆشنودەیە بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئێران بۆی، بەڵام دەبێت بزانین عێراقی ئێستا وەک ساڵی 2018 نیە. سەبارەت بە ئێران لە دوای کوژرانی قاسمی سلێمان پێگەی ئێران لە عێراق بەرەو لاوازی دەچێت وەک لە دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان بینیمان. بۆیە ئێستا لە عێراق قاسمی سلێمانیک نەماوە بە یەک ئیشارەت حوکمەت تەشکیل بکات، ئەمە جگە لەوەی کە ئێران ئێستا خۆی گیرۆدەی کۆمەلێک کێشەی سیاسیی و ئابوورییە. ئەمریکاش هاتنی سەدری بەدڵە بۆیە ناتوانێت لە ئێستا هیچ شەفاعەتێک بۆ بەرهەم ساڵح بکات. بۆیە ئێستا وا دەبینرێت کە تاکە بەدیل خودی مەسعود بارزانیە بۆ چارەسەری ئەم بابەتە، ئەویش ڕێکەوتنی ژێر بە ژێری نێوان پارتی و یەکێتیە بە لادانی بەرهەم ساڵح و دانانی لەتیف رەشید کەتا ڕادەیەک بەدڵی پارتیە. کە ئەمە هەمان سیناریۆی ساڵی 2014 یە هەرچەند ئەوکاتیش بەرهەم ساڵح کاندیدی سەرۆک کۆمار بوو! بەڵام دیسان پارتی لاری هەبوو لە کاندیدی یەکێتی لەبەرامبەر ئەمەدا یەکێتی فوئاد مەعسومی کردوە سەرۆک کۆمار.
پرسیاری جدی لای هاوولاتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە ئەگەری ملنەدانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ بەرژەوەندیە سیاسییەکانیان. مەترسی جدی لەسەر دوو پارچە بوونی هەرێمی کوردستان هەیە بەهۆی ڕێکەوتنی ئێران و سەدر بۆ جێ بەجێ کردنی ئەم پیلانە!
سلێمانی راستەوخۆ دەبێتە شارێکی لکێنراوە بە بەغدا و هەمان سیناریۆی سنجار دووبارە دەبێتەوە کە لایەن پارتی کرێکاران جێ بەجێ کرا.
کەواتە پرسیار ئەوەیە ئایا پێوست دەکات چارەنووسی کورستان بخەینە ژێر مەترسییەکی واها جدی لەپێناو یەک کەس؟!